Accessibility links

کاردانەوەی ڕێبەرانی جیهان بەرامبەر تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی شاری غەززە کە وەک دەڵێن بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 کەس 


شەوی سێشەممە تەقینەوەیەک نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە کەرتی غەززە هەژاند، کە قوربانییەکانی بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە بوون کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی هێرشەکانەوە برینداربوبوون و لە نەخۆشخانەکە چارەسەریان بۆ دەکرا، و هەروەها ئەو کەسانەش بوون کە ئاوارەبوون و بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکەوە.

چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس دەڵێن ئیسرائیل نەخۆشخانەکەی بۆردومانکردووە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند "سەدان کەس بوونە قوربانی، کە زۆربەیان نەخۆش و منداڵ و ژن بوون".

ئیسرائیل ڕەتیکردەوە هێرشەکەی ئەنجام دابێت و ڕایگەیاند، موشەکێک بە هەڵە لەلایەن میلیشیای جیهادی ئیسلامی فەلەستینیەوە ئاڕاستە کراوە و بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە. چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسیش بەرپرسیاریەتی خۆیان لە هێرشەکە ڕەتکردەوە.

ڕێبەرانی جیهان بەیاننامەی سەرکۆنەکردن و هاوخەمییان بڵاوکردەوە دوای هێرشەکە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئیسرائیل مەخابنی خۆی دەربڕی و گوتی "زۆر تووڕە و دڵتەنگم بەهۆی تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی لە غەززە، و ئەو گیان لەدەستدانە ترسناکەی کە لە ئەنجامدا ڕووی دا. ئەمەریکا ڕاست و ڕەوان لە پێناو پاراستنی ژیانی خەڵکی سیڤیل لە کاتی شەڕدا وەستاوە و ئێمە ماتەمینی خۆمان بۆ نەخۆشەکان و کارمەندانی پزیشکی و بێتاوانی دیکە دەرئەبرین کە لەم کارەساتەدا کوژراون یان بریندار بوون."

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا هیوای خواست کە ڕووداوی بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانی لە غەززە نیشانەیەکی ڕاستەقینە بێت بۆ پێویستی کۆتایی هێنان بە قەیرانی فەلەستین و ئیسرائیل بە خێرایی. پوتین وتیشی: ئێمە هەمیشە داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری فەلەستینی دەکەین کە قودسی ڕۆژهەڵات ببێتە پایتەختی خۆی، ئەمە هەمیشە خواستی ڕووسیا بووە، و تاکە چارەسەرە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە و درێژخایەن، ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت کارەساتە و دەبێت بوەستێت ."

ڕووسیا هەروەها ڕۆژی چوارشەممە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد.

جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە لە ئۆتاوا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەو هەواڵەی لە غەززەوە بڵاوبووەتەوە ترسناکە و بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵکردن نییە." ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت لەمەو و لە هەموو حاڵەتەکاندا."

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پۆستێکدا لەسەر تویتەر ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی دەکات، وە نووسیویەتی "هیچ پاساوێک نییە بۆ بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەیەک یان خەڵکی مەدەنی."

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند " تووشی شۆک بووە و بە توندی تەقینەوەی نەخۆشخانەیەکی غەزە کە بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس سەرکۆنەدەکات.

وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها وتی داوای " ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کۆتاییهێنان بە جەنگ" دەکات.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دڵی داخورپاوە بە گیانلەدەستدانی سەدان کەس لە تەقینەوەکەی نەخۆشخانەیەکی غەززەدا و بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوەیەی کرد.

کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " تووشی شۆک و داچڵەکاندن بووە بەو ڕاپۆرتانەی کە دەڵێن نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی لە غەززە وێران بووە."

تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای دەستبەجێ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە غەززە کرد و گوتی، "تەندروستیی جیهانی، بە توندی سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە غەززە دەکات."

لە ئێران ، سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتی " گڕی بۆمبەکانی ئەمەریکا - ئیسرائیل کە ئەم ئێوارەیە بەسەر قوربانییە فەڵەستینیە بریندارەکاندا کەوت لە نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانیە لە غەزە، بەمزووانە زایۆنییەکان دەخوات."

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی، هێرشی سەر نەخۆشخانەکە "دوایین نموونەی هێرشەکانی ئیسرائیلە کە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی داماڵراوە".

گوتیشی، "داوا لە مرۆڤایەتی دەکەم هەنگاو بنێت بە مەبەستی وەستاندنی ئەم دڕاندایەتییە بێ وێنەیەی لە غەززە هەیە".

مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە سێ ڕۆژ ماتەمینی بۆ قوربانیانی نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی لە غەززە ڕاگەیاند.

لە عێراق سێ رۆژ ماتەمینی ڕادەگەیەندرا و سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید وتی " ئێمە بە توندی ئیدانەی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانی لە غەززە و بەردەوامبوونی بەئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەپەلە دەستێوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە کە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە."

حکومەتی بەیروت ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە قوتابخانە و زانکۆکان لە سەرانسەری لوبنان داخراون.

سەرۆک وەزیری لوبنان نەجیب میقاتی وتی " سەدان قوربانی لە نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانی لە غەززە بەهۆی تاوانی ئیسرائیل و بێدەنگی ویژدانی جیهانەوە لە نادادپەروەری و ماف ڕوویداوە، ئیتر هەتا کەی؟"

شا عەبدوڵای دووەمی ئوردن تەقینەوەکەی بە " تاوانێکی قێزەونی جەنگ ناودێر کرد کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت" و ماوەی سێ ڕۆژی پرسەی لە وڵاتەکەیدا بۆ کوژراوەکان ڕاگەیاند.

حکومەتی سعودیە شەوی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئیسرائیل بەرپرسیارە لە گیانلەدەستدانەکانی نەخۆشخانەکە لە پێشێلکردنێکی ئاشکرا بۆ هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان.

میسر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە ئیسرائیل کرد " دەستبەجێ واز لە سیاسەتەکانی سزادانی بە کۆمەڵ لە دژی خەڵکی کەرتی غەززە بهێنێت.". و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دەستوەردان بکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی دەکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی لیبیا ئیسرائیل بە "تاوانی جەنگ و جینۆساید" لە کەرتی غەززە تۆمەتبار کرد.

ئیمارات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵ بدەن دەستبەجێ بگەن بە ئاگربەستێک بۆ ڕێگەگرتن لە لەدەستدانی زیاتری ژیان و خۆ بەدوورگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری بارودۆخی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و بەرەوپێشبردنی هەموو هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی گشتگیر و ڕەوا و ڕێگریکردن لەوەی ناوچەکە بخرێتە ئاستێکی نوێی توندوتیژی و گرژی و ناسەقامگیرییەوە.

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەزە دەڵێت بەلایەنی کەم 500 کەس کوژراون لە تەقینەوەیەکدا کە دەڵێت بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی شاری غەزە.

ئەگەر هێرشەکە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا هێرشەکە بۆ سەر نەخۆشخانەی ئەلئەهلی لە شاری غەززە کوشندەترین هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل دەبێت لە ماوەی پێنج شەڕدا لەوەتای ساڵی 2008 ەوە.

XS
SM
MD
LG