Accessibility links

ئایا سەردانەکەی محمەد شیاع سودانی بۆ ڕووسیا کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا


سەردانێکی فەرمی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن زۆر پرسیاری وروژاندووە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە شەڕ و پێکدادان و قەیرانەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.

بەغدا و مۆسکۆ پەیوەندی مێژوویییان هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا، و سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ مۆسکۆ لە مێژەوە پلانی بۆ دانراوە، بەڵام لە کاتێکیشدایە کە سودانی بە پەرۆشەوە چاوەڕێی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات لە کۆتایی ئەم ساڵدا لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەک کە لەم دواییانەدا لەلایەن سەرۆک جۆو بایدن پێگەیشتبوو.

مایکل نایتس شاڕەزای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی واشنتن لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، سەبارەت بە سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ مۆسکۆ پێیوایە ئەم سەردانەی لە کاتێکی هەستیاردایە و ڕەنگە کارێگەریی خراپی لەسەر سەردانەکەی بۆ واشنتن بکات.

نایتس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " سودانی هیوای خواستبوو لە نیویۆرک چاوی بە بایدن بکەوێت و دواتر لە مۆسکۆ چاوی بە پوتین بکەوێت، بۆ ئەوەی وەک سەرکردەیەکی دەوڵەت دەربکەوێت کە بتوانێت لەگەڵ هەردوولا کاربکات،" بەڵام دەشڵێت " بایدن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەرکردەکانی دیکەی لە پێشینەدا دانا بۆیە ڕێکخستنەکە تێکچوو. ئەمەش وایکردووە سودانی لە دۆخێکی ناخۆشدا بەجێهێشت کە ڕێک لەو ساتەدا سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ یەکێک لە دوژمنەکانی ئەمەریکا کۆبووەوە لە هەمان کاتدا سودانی پێشوازی لە هێرشەکەی حەماسی بۆ سەر یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمەریکا دەکات کە ئیسرائیلە. ئیتر با چاوەڕوانبین تا بزانین ئایا ئەو سەردانەی بۆ کۆشکی سپیی کە لە کۆتایی ئەمساڵدا پێشکەشی کرابوو، لەدەستی ئەچێت یان نا."

دیدارەکەی پوتین لەگەڵ سودانی لەم هەفتەیەدا هاوکات بوو لەگەڵ ململانێی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا بە سەدان کەس لە هەردوولا کوژراون.

بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی، سودانی جەختی لەسەر بەردەوامی پشتیوانی عێراق بۆ دۆزی فەلەستین کردووەتەوە و داوای لە ڕووسیا کردووە "پێگەی خۆی وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی فەلەستین."

جێی باسە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی 2003 تا ئەمڕۆ، بە هەڵوێستی جیاواز لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا بەڕێوەبچێت، بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە ئێرانەوە، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا بە هەمان شێوە بەردەوام بووە وەک لە ڕۆژانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقدا کە هەمیشە بەیەکەوە گرێدرابوون.لەگەڵ پەیوەندی پتەو لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا.

د. سامان شاڵی شارەزای سیاسەتی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت سەردانەکەی سودانی بۆ مۆسکۆ پەیامێکە بۆ ئەمەریکای ئەنێرێت.

د.شاڵی وتی "ئەلسودانی دەیەوێت لەم سەردانەی بۆ ڕووسیا پەیوەندییەکانی بەهێزبکات لەگەڵ ئەو وڵاتە لەڕێی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز کە بیانهێنێ بۆ عێراق، هەروەها نامەیەکە بۆ ئەمەریکا ، کەوا شوێنی تر هەیە کە من ئەتوانم تەعامولی لەگەڵ بکەم، نەوەکو هەر ئێوە، تا ئەمەریکا ڕابکێشێتەوە. بەلام ئەمە بۆ ئەمەریکا ئاسان نییە کە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو هەڵەیە، چونکە ئەمەریکا ئەیەوێت ئەو لایەنەی تەعامولی لەگەڵ ئەکات، لەسەر ئەساسی دۆستایەتی مامەڵە بکات، لەسەر ئەساسی ئەو لایەنانەی ئەو پشتگیری ئەکات و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆی، نەوەکو بچێت لەگەڵ ڕووسیا مامەڵە بکەیت کە ئیستا بەیەکێک لە دوژمنەکانی ئەمەریکا دائەنرێت بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، ئەمە پێگەی سودانی بەهێز ناکات بەتایبەتی لەم دەمەی ئەم شەڕەی غەززەش هەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا.کە لایەنەکانی حکومەتەکەی واتە حەشدی شەعبی و ئەوانەی تر پشتگیری حەماس دەکەن.ئەلسودانی ناتوانیت ئەو تەرازووە لە نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا ڕابگرێت، تەنها دەیەوێت وەک سەرکردەیەک لە ناوچەکەدا دەربکەوێت بەلام ئیمکانیەتیشی نییە کە بەو شێوەیەش دەربکەوێت"

د. سامان شاڵی لەو باوڕەدایە سودانی دوای ئەوەی حکومەتی عێراقی پێکهێناوە ، هەوڵیدا ناوخۆی عێراق چاکبکات، و خۆشی وەک سەرکردەیەک دەربخات کە توانیویەتی ماڵی عێراق کۆبکاتەوە، لە هەندێک خاڵدا سەرکەتوبووە و لە هەندێکی تردا شکستی هێناوە. ئەو بەڵێنەی کە دابووی بە سوننە و کورد جێبەجێ نەکراوە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە لە گەڵ ئێران بەدەرەجەی یەک و لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەوڵ ئەدات، بە گەشتەکانی پێگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بەدەستبهێنێت.

بە پێی چاودێران حکومەتی عێراق لەو کاتەوەی لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، "تەرکیز دەکاتە سەر فراوانکردنی ڕەگەکانی دیپلۆماسی عێراق لەسەر گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیاسەتی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی تەوەرەکان و ئامانجی ئەم سیاسەتە، وەک لە وتارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 22 مانگی نۆدا ئاماژەی پێکراوە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئابوورییە.

XS
SM
MD
LG