Accessibility links

عێراق لە نێوان واشنتون و مۆسکۆدا


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی لە کاتی کۆبووەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە نیویۆرک لە ڕۆژی دووشەممەدا، بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشتووە لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ سەردانی کۆشکی سپی.

وا چاوەڕوان دەکرێت ئەلسودانی، کە لە نیویۆرکە بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانە فەرمییەکەی بۆ واشنتۆن بەمزووانە بکات.

بایدن و سودانی لە دوای دەستبەکاربوونی سودانی لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا کۆبوونەوەیان نەکردووە، دوای ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانی حزبەکانەوە دەستنیشانکرا، کە زۆرینەیان گروپە موسڵمانە شیعییەکانن و نزیکن لە تارانەوە. لەو کاتەوە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا پاراستووە.

هاوکات نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە 78 هەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ، لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەتەوە.

لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا کرا، هەروەها هەنگاوەکانی دەگیرێنەبەر بۆ پتەوکردن و پەرەپێدان لە ئاست و بوارە جیاجیاکاندا ، بە شێوەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا بن".

ئایا ئەم سەردانەی ئەلسودانی بۆ واشنتون چ گرنگییەکی هەیە و بەنیازە لەگەڵ سەرۆک بایدن چ بابەتێک تاوتوێی بکات؟

سالار مەحمود، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە ئەلسودانی داوای هاوکاری لە ئەمەریکا بکات بۆ پاراستنی خاک و سەروەری عێراق لەمەڕ هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێی. وتیشی "لە هەمان کاتدا ئەمەریکا و عێراق پەیوەندی ئەمنیان هەیە کە دەبێت نوێبکرێتەوە، هەروەها بەشێکی تری گفتوگۆوەکان لەسەر مەسەلەی وەبەرهێنان دەبێت لە بواری ئابوری، کە ئەمڕۆ عێراق کراوەتەوە بە ڕووی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەولەتیدا. پێگەی عێراق و جیوگرافیای گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستادا بۆ ئەمەریکا و بۆ کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، هەر بۆیە هەر چ دانیشتنێک هەبێت میدیاکان و چاودێرانی سیاسی بە گرنگییەو لێی دەڕوانن."

بەرێز مەحمود هیوای خواست ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی زیاتر سەروەری خاکی عێراق وەکو دەوڵەت و هەروەها وەکو خاکەکەی پارێزراوبێت.

ئارام حاجی، مافناس و توێژەری سیاسی لەو باوڕەدایە سەردانی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی بە مەبەستی بەشداریکردنی عێراقە لەکۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ خستنەڕووی هەڵوێستە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و سیاسەتی ناوخۆی عێراق.

لە پاڵ ئەمەشدا دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لیژنەی ئەمەریکی عێراقی پەیوەست بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات، هەروەک لە دیدارەکەیدا لەگەڵ بەڕێز بلینکن ئاماژەی پێدا.

لە دیداریشیدا لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراقی چەند ڕێکارێکی لەپێناو چاکسازی دارایی و سنووردارکردنی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی لە کەرتی تایبەت ئاماژە پێداوە.

هەروەها دیاریکردنەوەی سنووری دەریایی عێراقیی کوەیتی و متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گفتوگۆیان لەگەڵ عێراق تاقیکردۆتەوە.

هەروەها پابەندبوونی عێراق بەڕێککەوتن و تێگەشتنەکانەوە لە گەڵ ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس و ڕاگەیاندنی گەڕیانی داهاتووی پەیوەست بە وەبەرهێنانی غاز کە عێراق دەکاتە لایەنێکی سەرەکی ئەو کایەیە، تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی بەڕێز سودانی بووە بۆ ئەمەریکا.

مەسعود عەبدولخالق، خاوەن ئیمتیازی دەزگای ستاندەرد لە هەولێر دەڵێت "سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ واشنتون چەند دۆسێیەکی لە گەڵە، بارودۆخ و پێشهات و هەندێک وەرچەرخان هەیە، لە سەدرەمی د. بەرهەم و کازمی ئەو سیاسەتەی عێراق تا ڕادەیەک تەوافقبوو لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەڵام دوای ئەوان تا ڕادەیەک حکومەتی نوێ عێراق هاتەوە سەر مەساری کۆن، کە لە ئێران دووبارە نزیکبووەوە، کە ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی ئەمەریکا. ئەڵبەتە ئەمەریکا جموجۆلێکی عەسکری دەستپێکرد لە ناوچەکە کە دافیعی ئەو نزیکبوونەوەیەی عێراق بوو لە ئێران. ئێستا ئەلسودانی لە کۆنگرەی عەممان پاڵپشتێکی زۆر گەورەی بەدەستهێنا، یەکەم جاربوو کە عێراق هاتەوە مەیدان جارێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئینجا ئێران و سعودییە دووبارە ڕێكکەوتنەوە، ئەمەریکاش لەگەڵ ئێران لە ئیستادا دەرگا کراوەتەوە لە نێوانیان، کە ئەوەش عێراقی دڵنیاکردەوە و وایکرد ئەلسودانی جورئەت بکات ئەو سەردانەی ئەمەریکا بکات و باسی جەند مەلەفیکی گرنگ بکات لەوانە مەلەفی دارایی کە پەیوەندی بە دۆلارەوە هەیە، تا ڕادەیەکیش، پرسی کوردستانی تیدایە وەک نەوتی هەرێم، کە پیدەچێت لەو مەلەفانەدا ئەلسودانی سەرکەوتوبێت لە گەڵ ئەمەریکا."

بەڕێز عەبدولخالق پێیوایە عێراق ئەگەر ڕاستەوخۆبێت و یان ناڕاستەوخۆ تا ڕادەیەک هێشتا لە ژێر وسایەتی ئەمەریکا ماوە، دەڵێت "ڕاستە بە ڕەسمی نەماوە بەڵام ئەمەریکا ڕازی نییە عێراق بە کەیفی خۆی سیاسەت بکات لەو دەورەبەرە. واتە باری ئەلسودانی تا ڕادەیەک قورسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی لە لایەک و لە گەڵ ئێران لە لایەک، کێشە کوردستان لە لایەکی ترەوە، کێشەی ناوخۆ و تەیاری سەدری، کە ئەوانە وەها دەکەن پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت."

لە لایەکی ترەوە د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند سەرۆک وەزیرانی عێراق بەنیازە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ سەردانی ڕووسیا بکات.

حسێن ڕوونیکردەوە کە سەردانەکەی سودانی بۆ ڕووسیا لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت و ڕێکخستنەکان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەم سەردانە بەم زووانە ئەنجام بدرێت. وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا بە بەهێزی ماونەتەوە، سەرەڕای ئەو سزایانەی بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراون و گۆڕانکاری سیاسەتەکان بەهۆی ململانێکان لەسەر ئۆکرانیا.

ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا نۆڤۆستی لە زاری وەزیری دەرەوەی ڕوسیاوە ڕوونیکردەوە کە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکە لە ئارادایە. لە مانگی حەوتدا، ئیلبرۆس کورتاشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغدا ئاشکرای کرد کە ئەلسودانی بانگهێشتی فەرمی بۆ سەردانی مۆسکۆی قبوڵکردووە. سەرۆکی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە سەردانێکی لەو شێوەیە دەرفەتێکی بە نرخ بۆ سەرکردایەتی هەردوو وڵات دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمەڵێک پرس کە سرووشتی سیاسی و ئابورییان هەیە.

ئەوەی جێی سەرنجە ڕاگەیاندنی سەردانەکانی ئەلسودانی بۆ ئەمەریکا و ڕووسیا لە ماوەیەکی نزیک لە یەکتردا هاتووە، بۆ ئەو دوو وڵاتەی نەیاری یەکترن، بە تایبەتی لەم کاتەدا کە ڕووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا.

لەبارەی سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ ڕووسێاوە، سالار مەحمود، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ئەمڕۆ عێراق دەیەوێت جۆرێک لە بەڵانس ڕابگرێت و نەبێتە لایەن لە ململانییەکانی نێودەوڵەتی، بەڵکو پەیوەندییەکی هاوسەنگ درووستبکات بۆ بۆژانەوەی وڵاتەکەی، بە تایبەتی کە وڵاتانی ئیقلیمی بۆ نمونە مسوەدەی رێککەوتن لە نێوان سعودیە و ئێران هەیە و جۆرێک لە پرۆژەیەک بۆ بۆژانەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە وەبەرهێنانی نیودەوڵەتی لەو ناوچەیە بکرێت کە عێراق بەشێکە لێی. ڕووسیا هەمێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەهمی کارێگەری و سیاسی هەبووە، و ئەمڕۆش ڕووداوەکان زۆر بە خیرایی تێپەردەبن، بە تایبەتی کە عێراق کێشەی بەبیابانبوونی هەیە و مەسەلەی ژینگە یەکێکە لە هەرە مەترسیدارەکان، لەم بوارەدا عێراق پێویستی بە هاوکاری هەر وڵاتێک هەیە کە یارمەتی بدات."

ئارام حاجی، مافناس و توێژەری سیاسی، لە پەیوەندی بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلسودانی بۆ ڕووسیا لەو باوڕەدایە ئامانج لەم سەردانە جەختکردنەوەیە لە بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەرباری سزاکانی سەر مۆسکۆ و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ژینگەی سیاسیدا هاتووە لە ئاکامی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

مەسعود عەبدولخالق دەڵێت "لە ڕاستیدا ڕووسیا ئەو ڕۆڵە زۆرەی نییە لە ناوچەکەدا، ڕەنگە دوو فاکتەر هەبن یەکیکیان وجودی ڕووسیا لە سوریا ، دووەمێش ئەو پەیوەندییە باشەی ڕووسیا لە گەڵ ئێراندا هەیەتی، کە ئەو دوو کاریگەرە ناڕاستەوخۆییە هەیە لەسەر عێراق کە وابکات تا ڕادەیەکیش پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا هەبێت، بەڵام پێموانییە سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ رووسیا ئەوەندە مەلەفی گرنگی تیا باسبکرێت."

وتیشی "ڕووسیا کەتووەتە دۆخیکی خراپەوە، بە تایبەتی دوای شەڕی ئۆکرانیا. هەرچەندە سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ ڕووسیا ڕەنگە تا ڕادەیەک پەیوەندی بە هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر کوردستان هەبێت تا ڕادەیەک. بە تایبەتی کە ئێستا خەڵک و تاکی کوردستان زۆر لە درۆنەکانی تورکیا دەترسن، وەک بڵێی ئیرهابێکی مونەزەمی دەولی زۆر بەهیزی خستووەتە سەر هاووڵاتی لە سەرتاسەری کوردستان. هەر بۆیە ڕەنگە ئەو باسەش بکرێت، چونکە سودانی هەستی پێی دەکات لەشکری تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەر لەبەر پەکەکە نییە، لە نزیک موسڵ پێگەی داناوە و ناکشێتەوە."

XS
SM
MD
LG