Accessibility links

کۆمەڵەی 20 و کۆبوونەوەی لوتکەیی 2023


لایەنەکانی کۆمەڵەی بیست یان "جی بیست"، ڕۆژی شەممە لە هیندستان دەستیان کرد بە کۆبوونەوەی لووتکەیی ساڵانەی خۆیان ، بەڵام گردبوونەوەی ئەم جارەیان جیاوازە لەوانەی پێشووتریان.

کۆبوونەوەی ئەم ساڵی گروپەکە بە دروشمی ( یەک زەوی، یەک خێزان، یەک ئایندە ) بەڕێوەدەچێت. زۆر کەس پێیان وایە ئەوە بۆ ئەمڕۆ نەک هەر تەنها وەک ئاوات دوور لە ڕاستییە، بەڵکو وەک تۆمەتبارکردنێک بۆ سەردەم ڕەنگ دەداتەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی لە نیودەلهی بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاند "ئەگەر ئێمە بە ڕاستی یەک خێزانی جیهانی بین، ئەوا ئەمڕۆ لە یەکێکی پەککەوتوو دەچین."

سکرتێری گشتی یو ئێن هوشداریشیدا و دەڵێت "دابەشبوون لە زیادبووندایە، گرژییەکان زیاتربوون، و متمانە لە کەمبوونەوەدایە؛ ئەمانەش پێکەوە ئەگەرەکانی پارچەپارچەبوون و لە کۆتاییدا ڕووبەڕووبوونەوە بەرز دەکاتەوە."

گۆتێرێس ئاماژەی بە لیستێک لەو ئاستەنگانە کرد کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبنەوە، لەوانە خێرابوونی گۆڕانی کەش و هەوا، زۆربوونی شەڕ و ململانێکان، زیادبوونی هەژاری و برسێتی و مەترسییەکانی تەکنەلۆژیای نوێ.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیش دەکاتەوە لەوەی پێویستە دامەزراوە فرە لایەنە کۆنەکانی سەردەمی دوای دووهەم جەنگی جیهانی، گەشە بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی سەدەی 21.

ئەڵبەتە زۆرکێشە هەن کە پێویستە لە لوتکەی ئەمساڵی گروپەکە باسبکرێن، و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام سازانی نێوان ئەندامەکانی ئەم گروپە، ساڵ لە دوای ساڵ سەختربووە.

کۆمەڵەی 20 کۆڕبەندێکی نێوان حکومەتەکانە کە لە 19 وڵاتی خاوەن سەروەری و یەکێتی ئافریکا و یەکێتی ئەوروپا پێکهاتووە (ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەرازیل، کەنەدا، چین، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئیتالیا، ژاپۆن، کۆماری کۆریا، مەکسیک، ڕووسیا، سعودیە، ئافریکای باشوور، تورکیا، سعودیە و ئەمەریکا) ، و بۆ چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ئابوری جیهانی کاردەکات، وەک سەقامگیری دارایی نێودەوڵەتی، کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەپێدانی بەردەوام.

لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەیدا، یەکێتی ئەفریکا وەک ئەندامی گروپی 20 خراوەتە نێو ڕێکخراوەکەوە، بەمەش یەکێتی ئافریکا بووە 21ەمین ئەندامی کۆمەڵەی 20.

گروپی بیست لە زۆربەی وەزارەتە داراییەکانی گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان پێکهاتووە، کە نزیکەی 80%ی بەرهەمی گشتی جیهان (GWP)، 75% ی بازرگانی نێودەوڵەتی، دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان، و 60%ی ڕووبەری زەوی جیهان پێکدەهێنێت.

گروپی 20 لە ساڵی 1999دا لە وەڵامی چەندین قەیرانی ئابووری جیهانی دامەزراوە. لە ساڵی 2008ەوە ساڵانە لانیکەم جارێک کۆدەبێتەوە، و لە لوتکەییەکەیدا سەرۆکی حکومەت یان دەوڵەت یان هەر ئەندامێک، وەزیری دارایی، یان وەزیری دەرەوە و بەرپرسە پلە باڵاکانی دیکە بەشدارن، یەکێتی ئەوروپاش لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپا و بانکی ناوەندی ئەوروپاوە نوێنەرایەتی دەکرێت، و هەروەها وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە لوتکەییەکاندا.

لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ساڵی 2009دا، گروپی 20 خۆی وەک شوێنی سەرەکی بۆ هاوکاری ئابووری و دارایی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند. پێگەی گروپەکە لە ماوەی دەیەی دواتردا بەرزبووەتەوە، و لەلایەن شیکەرەوەوە دانپێدانراوە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی جیهانیانەی هەیە، هەروەها ڕەخنەی لێدەگیرێت بەهۆی سنورداربوونی ئەندامێتی، نەبوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەهۆی ئەو تێکدانیانەی کە گوایە دەکرێت لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ئێستادا. زۆرجار کۆبوونەوە لوتکەییەکان ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەربڕین دەبنەوە بەتایبەتی لەلایەن گروپەکانی دژە جیهانگیرییەوە.

کۆبوونەوە لوتکەییەکە، بە دیارترین کۆبوونەوەی تا ئێستای کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، بە ئامادەبوونی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە و چەندانی دیکە. جگە لە بەشدارنەبوونی ڤیلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا هەروەها شی جین پینگ سەرۆکی چین ئامادە نابێت، ئەوەش گرنگی و سەنگی کۆمەڵەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

لە مانگی سێی 2022دا، دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لابردنی ڕوسیای لە گروپەکە کرد. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردبوو، ڕێگە بە ئۆکرانیا دەدرێت بەشداری کۆبوونەوەی لوتکەیی 2022 بکات سەرەڕای ئەوەی ئەندام نەبووە.

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ دەڵێت پێویستە گروپەکە دووبارە پێداچوونەوە بکات بە ئەندامێتی ڕووسیادا.

مۆسکۆ لەو بارەیەوە دەڵێت ئەوە کێشەیەکی گەورە نییە، چونکە زۆربەی ئەندامانی G20 لە ئێستادا بەهۆی جەنگەوە لە ڕووی ئابوورییەوە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا دەکەن.

وڵاتی چین لەو بڕوایەدا وەک دەڵێت دەرکردنی ڕووسیا کاردانەوەی پێچەوانەی دەبێت.

لە کۆبوونەوەی لوتکەیی G20 بۆ ساڵی 2023 کە لەلایەن هیندستانەوە میوانداری دەکرێت، نارێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان کۆبوونەوەکەی بە بانگهێشتێکی فەرمی دەستیپێکرد بۆ یەکێتی ئافریکا بۆ پەیوەستبوون بەو گروپەوە، هەروەها باسی لە "قەیرانی متمانە" کرد کە جیهان دەبێت بەسەریدا زاڵ بێت.

مودی لە وتارەکەیدا سەنگیی خستە سەر ئەوەی بە "قەیرانی متمانە" ناودێری کرد کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە و دەڵێت "جیهان بە واتای قەیرانێکی گەورەی متمانەیە. شەڕ ئەم بێ متمانەیەی قووڵتر کردووەتەوە. هەروەک چۆن ئێمە توانای ئەوەمان هەیە زاڵ بین بەسەر کۆڤید، ئێمەش دەتوانین ئەم قەیرانی بێ متمانەیی یەکتر تێپەڕێنین."

هەژدەهەمین کۆبوونەوەی لوتکەیی جی 20 لە نیودەلهی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و دەبێتە ئەو کۆبوونەوە لوتکەییەی سەرجەم پرۆسەکان و کۆبوونەوەکانی جی 20 کە بە درێژایی ساڵ لە نێوان وەزیرەکان و بەرپرسانی باڵا و کۆمەڵگا مەدەنییەکان بەڕێوەدەچن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەیی جی 20دا ڕاگەیەندراوێکی سەرکردەکانی گروپی 20 پەسەند دەکرێت، کە پابەندبوونی سەرکردەکان بەرامبەر بەو کار و ئەرکە سەرەکیانە دەخاتە ڕوو کە لە کۆبوونەوەکانی وەزارەتەکانیان و گروپەکانی کارکردندا باسکراون و ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.

XS
SM
MD
LG