Accessibility links

دادگایەکی ئەڵمانیا سزای سەر ژنێکی داعشی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی زیاترکرد لەسەر مەرگی منداڵێکی ئێزدی


دادگایەکی ئەڵمانیا سزای زیندانیکردنی ژنێکی ئەڵمانی زیاتر کرد کە پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو و ڕێگری نەکردبوو لە مەرگی کچە منداڵێکی تەمەن 5 ساڵی ئێزدی کە دوای ئەشکەنجەدانی و جێهشتنی لەبەر گەرما لە تینوێتیدا خنکابوو.

دادگای باڵای هەرێمی لە میونشن (میونخ) ڕۆژی سێشەممە بڕیاری دا سزای سەر جێنێفەر و. (Jennifer W) ی تەمەن 30 ساڵ لە 10 ساڵ زیندانییەوە بۆ 14 ساڵ زیندانی زیادبکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی داواکاری گشتی لە میونشن داوای پیاداچوونەوەی بە بڕیاری دادگایەک کرد کە لە ساڵی 2021 بڕیاری سزای 10 ساڵی بۆ دەرکردبوو لەسەر هەردوو تاوانی کوشتنی ناڕاستەوخۆی منداڵێک و پەیوەندیکردن بە داعشەوە.

دادگاکەی میونشن گەیشتە ئەو بڕوایەی سزای زیندانیکردنی 9 ساڵ لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئەو تاوانە کەمە، بۆیە بڕیاری دا سزاکەی بۆ 13 ساڵ زیادبکات. بەڵام سزای پەیوەندیکردن بە داعشەوە کە یەک ساڵ زیندانییە، وەک خۆی هێشتەوە. سەرئەنجام سزای زیندانیکردنی ئەو ژنە ئەڵمانییە بوو بە 14 ساڵ.

جێنێفەر، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ویلایەتی ساکسۆنیای خوارووە کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا. ئەم ژنە ساڵی 2014 چووە بۆ عێراق هەتا پەیوەندی بکات بە براکانییەوە لە ناو داعش.

ساڵی 2015 لەگەڵ هاوسەرە عێراقییەکەی بە ناوی تەها ئەلجومەیلی، ژنێکی ئێزدی و ئەو منداڵە 5 ساڵەیان وەک کۆیلە کڕێوە.

ڕۆژێک ئەو منداڵە لەبەر خراپی مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە جێگاکەی میز بە خۆیدا دەکات، تەها ئەلجومەیلی توڕە دەبێت و لە چلەی هاویندا کە گەرما دەگاتە نزیکەی 50 پلەی سەدییە، منداڵەکە دەباتە حەوشەی ماڵەکەی و بە پەنجەرەی ژورێکەوە دەبەستێتەوە، هەتا منداڵەکە لە تینوێتیدا خنکاوە. تاوانی ئەو ژنە ئەڵمانییە لەوەدایە کە ڕێگری نەکردووە لە هاوسەرە داعشەکەی هەتا ئەو منداڵە بەو شێوەیە ئەشکەنجە نەدات و بەرەو مەرگی نەبات.

ساڵی 2021، دادگایەکی فرانکفۆرت سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ تەها جومەیلی دەرکرد بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

دوای لەناوچوونی خەلافەتەکەی داعش، دایکی ئەو منداڵە لە دەستی داعش ئازادکرا و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و لە پرۆسەی دادگاییکردنی تەها ئەلجومەیلی و هاوسەرە ئەڵمانییەکەی شایەتحاڵێکی سەرەکی بوو.


سەرچاوە / بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پرێس و ماڵپەڕی یەزدا وەرگیراون

XS
SM
MD
LG