Accessibility links

ئارام جەمال: زەرەرمەندی یەکەم لە درێژکردنەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هاووڵاتیانن 


هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دواخرا بۆ مانگی 2 ی ساڵی داهاتوو، لە کاتێکدا بە ڕاپۆرت و چاودێران دەڵێن حزبە سەرەکییەکانی دەسەڵات تا ئێستا بە رژدی خۆیان ئامادە نەکردووە بۆ هەڵبژاردن و هەڵمەتەکان، هەندێک پێیانوایە ڕەنگە هەوڵبدەن جارێکی دیکە دوای بخەن، لەکاتێکدا بەهۆی دواخستنی چەندینجاری هەڵبژاردن و دریژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی هەرێمەکەوە لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی دادگای باڵای حکومەتی عێراق پەکخراوە.

بەشێکی تر لە چاودێران باسی ئەوە دەکەن حزبەکانی هەرێمی کوردستان بە ناچاری هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن بەڵام ئاستەنگە ئیداریی و یاساییەکان ڕەنگە ببنە گرفت هەم لە هەرێمی کوردستان و هەمیش لە عێراقەوە لەبەرئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم وادەی بەسەرچووە و هاوکات کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا وادەکەی بەسەر دەچێت.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەڵێت "تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە 5 خولدا 8 جار درێژرکراوەتەوە، دواخستنی هەڵبژاردن باجەکەی قورس دەبێت." هەرچەند دەشڵێت "یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات خۆیان دەدزنەوە لەم هەڵبژاردنە."

ئایا ئەو دوو حزبە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان کە خاوەن هێزی چەکدارن دەتوانن هەڵبژاردن دوابخەن یان ئاستەنگی بۆ دروستبکەن؟ لەم بارەیەوە ئارام جەمال دەڵێت "ناتوانن ئەمجارە هەڵبژاردن دوابخەن، لەبەرئەوەی پەرلەمان نەماوە ناتوانن هەڵبژاردن دوابخەن."

ئارام جەمال باس لەوە دەکات لە بەغداوە فشاریان لێکراوە بەپێی یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەبێت هەڵبژرادن بکەن و دەشڵێت "بەهۆی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە پەرلەمانی کوردستان نەماوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمیش نەماوە بۆیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکات."

هەڵبەت دەمێکە ڕۆشنبیران و ڕەخنەگران و چاودێران باس لە زیانەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لە ئاکامیشدا پەرلەمان بە پێی یاسا پەکخرا و کاروبارە حکومی و شەرعییەکانی هەرێمەکە بەهۆی نەبوونی چاودێرێکی یاسایی و پەرلەمانییەوە دووچاری گرفت و رەخنەی گەورە بووەتەوە. بەڵام ئارام جەمال دەڵێت "زەرەرمەندی یەکەم لە درێژکردنەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە گشتی هاووڵاتیانن."

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافی رۆژنامەنوسان، لەوانە پەیامنێرانی بێ سنور، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ڕێکخراوی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و مافی ڕۆژنامەنوسان و دەستڕاگەیشتنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەریمی کوردستان لە پاشەکشێییەکی بەرچاودایە. لەو بارەیەوە ئارام جەمال دەڵێت "پاشەکشێیەکی گەورە هەیە لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئازادی و مافەکانەوە."

سەبارەت بە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەربەخۆی ڕیکخراوەکان بۆ چاودێریکردن و دروستکردنی فشار لە هەریمەکەدا دەڵێت "ئەوان رێکخراویکیان دەوێت گوێ لە مست بێت و تەنها ئیشیان ئەوە بێت بەتانی دابەش بکەن و کاری خێرخوازی بکەن."

بە ڕای چاودێران سازدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە بەسەرجەم کایە سیاسی و یاسایی و ئابوورییەکانی هەرێمەکەوە، هەڵپەساردن یان پەکخستنی پەرلەمان و ئەو بۆشاییە سیاسییە و یاساییە گرفتی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە. بەڵام دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردن ڕەنگە هەنگاوە سەختەکە بووبێت کە تێپەڕیوە، تەنها ماوەتەوە ئەنجامدانی، هاوکات کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێن هەموو ئامادەکارییەکی تەکنیکی دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری لە هەڵبکاردنەکاندا و سازدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

*دەتوانن لە ڕێی ئەم لینکەوە گوێبیستی تەواوی وتووێژەکەی ئارام جەمال بن:

please wait

No media source currently available

0:00 0:24:09 0:00

XS
SM
MD
LG