Accessibility links

دۆخی کۆڵبەران و هێرشەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەریان


بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە درێژەی ڕەفتارە توندەکانی ئێران لە بەرامبەر کۆڵبەرانی کورد، ڕۆژی یەکشەممە کۆڵبەرێکی دیکە گیانی لە دەستدا.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، کۆڵبەڕێکی کورد بە ناوی ئەرسەلان ڕەسوڵی تەمەن 29 ساڵ کە خەڵکی نەڵاس سەر بە شاری سەردەشت بە دەسترێژی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کوژراوە

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم کۆڵبەرە کوردە "بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکداراەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە کوژراوە."

هەروەها ئاگایی دەدات کە هێزە نیزامییەکانی حکومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاخ، تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆلبەر نیوز، ئەرسەلان ڕەسوڵی، "لە مەودای نزیکەوە و لە بەشی سەریەوە تەقەی لێکراوە" و تەرمەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا پشتڕاستی دەکات کە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە تەرمی ڕەسوڵی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. ئاماژەش بەوە دەکات کە شەوی پێنجشەممە، کۆلبەرێک بە ناو "هوشیاری ئەمینی دۆسینە" خەڵکی گوندی دۆسینە سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت گیانی لە دەستداوە.

ڕۆژی یەکشەممەش کۆڵبەر نیوز گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و لەسەر ڤیدیۆکە نوسراوە مەڕاسیمی بە خاکسپاردنی ئەرسەلان ڕەسوڵییە.

کۆلبەر نیوز بە پشتبەستن بەو ئامارانەی کە لە مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا تۆمارکراون، 61 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ئوستانەکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و کرماشان لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەسترێژییان لێکرا. لەو ژمارەیە 11 کۆڵبەر کوژران و 50 کۆڵبەریش بریندار بوون کە لە 42 حاڵەت دا ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکراوە.

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاودا هاتووە لە ساڵی 2022، لانیکەم 290کۆلبەری کورد کوژراو ن یان بریندار بوون، لەو ژمارەیە 46کەسیان گیانیان لە دەستداوە و 244 کەسیان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە بەراورد بە ساڵی 2021 لانیکەم 75کەس زیادی کردووە.

هەروەها ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە باس لەوە دەکات کە زۆربەی قوربانییەکان بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتەوە بووە. هەڵبەت ڕاپۆرتەکە ئاماژەش دەکات کە 35 کەسیان بە ڕووداوە سرووشتییەکان وەک کەوتنە‌ خوارەوە لە شاخ، خنکان لە ئاودا یان بەهۆی ڕەنووی بەفر، بریندار بوون یان گیانیان لە دەستداوە.

هەروەها ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی لە پێداچوونەوە بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵەکانی 2022 و 2023 دا دەنووسێت، هێزەکانی ئاسایشی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەرانی بێ چەکی کوردیان لە نێوان هەرێمە کوردییەکانی عێڕاق و ئێران و هەروەها کۆلبەڕانی بەلووچ هەڵگری سووتەمەنی لە ئوستانی سیستان و بەلووچیستانیان کوشتووە.

ئاگاهیش دەدات لەوەی کە دەستەڵاتدارانی ئێران سەبارەت بەو کوشتنانە نە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان کردووە، نەکەسیشیان بە بەرپرسیار زانی.

XS
SM
MD
LG