Accessibility links

مەرگی ڕێبەری داعش بە کەمبوونەوەی هەڕەشەی درێژخایەنی گروپەکە نابینرێت


بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری ئەمەریکا بە وریاییەوە دەڕواننە لەناوچوونی داعش لە عێراق و سوریا سەرەڕای زنجیرەیەک پاشەکشەی گروپە تیرۆریستییەکە و لەناوچوونی چەکداران و سەرکردەباڵاکانی.

ئەم هەڵسەنگاندنە دوای کەمتر لە هەفتەیەکە، پاش ڕاگەیاندنی مەرگی ئەبو ئەلحوسێن ئەلحوسێنی قوڕەشی لەلایەن داعشەوە، کە لە مانگی یازدەی ڕابردووەوە سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەی دەکرد.

هەروەها لە کاتێکیشدایە کە هەندێک سەرلێشێواوی هەیە سەبارەت بەوەی کە کۆتایی ئەبو ئەلحوسێن چۆن بووە.

تورکیا سەرەتا ڕایگەیاندبوو لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کۆتایی مانگی چوار کوشتوویەتی، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمەریکا هەرگیز ئەو بانگەشەیەیان پشتڕاست نەکردەوە.

داعشیش، کە وا بیر دەکرێتەوە کە ڕاگەیاندنەکەی دواخستووە، هەیئەت تەحریر ئەلشام HTS سەر بە ئەلقاعیدەی بە کوشتنی تۆمەتبار کردووە، ئەویش دەستبەجێ تۆمەتەکەی ڕەتکردەوە.

هەر کام لەم سیناریۆیانە دەشێت وەک ئاماژەیەک لێی بڕوانرێت کە هێزی مانەوەی داعش لە کەمبوونەوەدایە. بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشداری دەدەن کە گەیشتن بە ئەنجامێکی لەو شێوەیە هێشتا زۆر زووە.

بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا ڕایگەیاند داعش "مەترسییەکی درێژخایەنە"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا ئاگاداری گۆڕانکاری سەرکردایەتی بووە پێش ئەوەی گروپە تیرۆریستییەکە لە یەکێک لە کەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە تێلێگرام ئەو ڕاگەیاندنە بڵاو بکاتەوە.

ئەو بەرپرسەی کە بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت لێدوانی دا هەڵسەنگاندنەکانی دیکەی پووچەڵ نەکردەوە کە ئاماژەیان بە لاوازی گشتی گروپە تیرۆریستییەکە لە عێراق و سوریادا کردووە، لەنێویاندا خەمڵاندنەکانی ئەمەریکا کە دەڵێت ژمارەی چەکدارانی داعش لەو وڵاتەی کە سەدەمێک بەشێکی زۆری لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوو، ئێستا کەمترە لە 2 هەزار چەکدار.

بەڵکو بەرپرسەکە دەڵێت، گروپەکە تا ئێستاش بەردەوامن لە خۆڕاگری و هۆشداریشیدا لەوەی شوێنکەوتووانی ئەو گروپە لەنێویاندا زۆرێک لەو 10 هەزار چەکدارەی کە مەزەندە دەکرێت لە زیندانەکانی سەرتاسەری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا ڕاگیراون، گەرموگوڕی خۆیان بۆ گروپەکە لەدەست نەداوە.

ئەو بەرپرسە گوتیشی، "ئەگەر بڕوانیتە ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن لە سوریا، کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە پاسەوانی دەکرێن، ئەوا تاکە گەورەترین سەرنجی تیرۆریستانن لەسەر ڕووی زەوی." ئاماژەی بە یەکێک لە گرتووخانەکانی حەسەکە کرد کە 5 هەزار چەکداری پێشووی داعشی تێدایە.

ئەو بەرپرسە گوتیشی لە حاڵەتی شکاندنی بەربەستەکانی یەک زینداندا بە شێوەیەکی باش هەماهەنگ "دەتوانرێت بە خێرایی ڕیزەکانی داعش بنیات بنرێتەوە."

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەم جۆرە ترسانە زۆر دوورنین، ئاماژە بە هێرشەکەی مانگی یەکی ساڵی 2022 دەکەن بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە کە نزیکەی هەفتەیەکی خایاند هەزاران لە زیندانییەکان هەڵاتن.

دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک نزیکەی 10 هەزار سەربازیان بانگکرد و بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی دژە داعش بە هەلی کۆپتەر و و زرێپۆشەکان، توانرا ڕەشەکە کۆنترۆڵ بکرێتەوە.

ژەنەڕاڵ ماتیو مەکفارلین، فەرماندەی هێزی ئەمەریکا پێش دانوستانەکانی ئەمەریکا و عێراق لە هەفتەیەدا لە پەنتاگۆن گوتی "هێشتا باوەڕم وایە سەرهەڵدانەوەی داعش مەترسییەکی بەرچاوە".

گوتیشی " ئایدۆلۆژیایان بێ سنوور ماوەتەوە و هێشتا هەڕەشەیە لە کاتێکدا هەوڵدەدەن هەندێک لە تواناکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان بنیات بنێنەوە و وەک هەڕەشەیەکی بەرچاو بۆ سەر دانیشتووان بمێننەوە."

هەروەها بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا بەردەوام نیگەرانی دەردەبڕن سەبارەت بە کەمپەکانی، وەک کەمپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە تا ئێستاش نزیکەی 49 هەزار کەسی تێدایە کە نیوەیان منداڵن.

ژەنەڕاڵ مایکڵ ئێرک کوریڵا لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا مانگی سێی ڕابردوو بە یاسادانەرانی گوت "نزیکەی 50%ی کەمپەکە خاوەنی بیرۆکەیەکن کە بە جۆرێک، پشتگیری لە لە ئایدیۆلۆژیای [داعش] دەکەن".

وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە نیگەرانن لە خۆڕاگری داعش، هەندێک هۆشداری دەدەن کە داعش لە عێراق و سوریا بەهێزترە لەوەی کە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری ئەمەریکا ئاماژەی پێدەکەن.

زانیارییە هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاپۆرتێک کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکەن کە داعش شانازی بە نێوان 5 هەزار بۆ7 هەزار شوێنکەوتووەوە دەکات لە ژێر فەرماندەیی خۆیدا، کە "زۆربەیان چەکدارن".

وە لە کاتێکدا کە خێرایی هێرشەکانی داعش کەم بووەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکە لە سوریا دەریخستووە، "شانە بچووکەکان هێرشی بەردەوامیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا لە باکووری پاڵمیرا و ڕۆژهەڵاتی حەمما"، هەروەها داعش "بەردەوام بووە لە بەکارهێنانی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ ئاوەدانکردنەوە و دامەزراندنی و هەوڵدان. بۆ ئازادکردنی سەرکردە سەرەکییەکان لە زیندانەکاندا".

لەلایەکی ترەوە، هێزەکانی هاوبەشی ئەمەریکا لە سوریا لە ڕاپۆرتێکی پشکنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا، کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، ڕایانگەیاندووە، داعش "چالاکانە شانەکانی دارایی و مەشق و ڕاهێنان ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر لە عێراق و سوریا".

کەواتە پرسیارێکی سەرەکی بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوەیە کە داعش تا چەند بە خێرایی و بە شێوەیەکی کاریگەر دەتوانێت سوود لە شوێنکەوتووەکانی لە عێراق و سوریا وەربگرێت بۆ ئەوەی وەک هەڕەشەیەکی گەورە سەرهەڵبداتەوە.

بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پێیان وایە ئەوە هێشتا کاتی زیاتر دەخایەنێت.

دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمەریکا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە پێی وایە پلانەکانی داعش بۆ دەرکردنی هەزاران چەکدار لە زیندانەکاندا هێشتا لە هیوایەکیاندا ماوەتەوە و دەشڵێت توانایی گروپەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

هەروەها پرسیار لەسەر بەهێزی سەرکردایەتی ناوەکی داعش هەیە، کە لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە لانیکەم 14 بەرپرسی باڵای داعش کوژراون یان دەستگیرکراون.

بەرپرسێکی تری سەربازی ئەمەریکا بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " تێکشکانی سەرکردایەتی داعش ڕێگری دەکات لە پەیوەندیکردن و هەماهەنگی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەکی کاریگەر لە دژی ئەمەریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان".

دوو ئەمیری ئەم دواییەشیان، ئەبو ئەلحەسەن و ئەبو ئەلحوسێن، پێش کوژرانیان نەیانتوانی بە ئاشکرا هیچ پەیامێک بۆ شوێنکەوتووانی خۆیان دەربکەن.

ئایا نوێترین سەرکردەی داعش کە لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی پێنجشەممەدا بە ئەبو حافس ئەلهاشمی قوڕەشی ناوی هاتووە، دەتوانێت بەردەوام بێت لە درووستکردن و بەردەوامبوونی دڵسۆزی بۆ نێوی گروپە تیرۆریستییەکە؟ ئەمە هێشتا نەزانراوە!

ئێدمۆند فیتۆن براون، بەرپرسی باڵای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێکخەری تیمی چاودێریکردنی سزاکان بە دەنگی ئەمەریکای گوت " کڕۆکی سەرکردایەتی داعش هەرگیز ئەوەندە لاواز نەبووە."

بەڵام بۆ ئێستا پێدەچێت لایەنگرانی داعش بە پێشنیارەکانی بەیعەتدان بە ئەبو حافسدا تێپەڕن سەرەڕای ئەوەی شتی زۆر لەسەر ئەبو حافس دەزانن نازانن.

کۆمپانیای جیهادۆسکۆپ، کۆمپانیایەک کە چاودێری چالاکییە تیرۆریستییەکان دەکات لە سۆشیال میدیا، بەڵێننامەی شانەکانی داعشی لە عێراق، ڕۆژئاوای ئافیکا، یەمەن و سۆماڵ دۆزیوەتەوە، هەندێکیان وێنەیان لەگەڵدایە، هەموویان وەڵامی بانگەوازی پشتیوانیی ڕاگەیاندنەکەیان داوەتەوە.

ڕافایل گلوک، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای جیهادۆسکۆپ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "ئەمە ئەوەیە کە ڕەنگە پێی بڵێین ساتێکی 'تکایە چەپڵە لێبدە' کاتێک بەدوای چەپڵەدا دەگەڕێیت، چونکە وتارەکەت هیچ نییە".

بەڵام قسە و باسی ئۆنلاینیش هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات لایەنگرانی داعش ئاگاداری ڕۆتینەکە دەبن.

گلوک گوتیشی " ئەوەشم بینیوە کە لایەنگران لەنێو خۆیاندا دەڵێن پشتگیرییەکی زۆر و وێنەی زۆر مەترسیدارە ... زانیاری شوێن و کارمەندان دەدات."

ڕاپۆرتی جێف سیڵدن- دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG