Accessibility links

هێزە ئاسایشییەکانی عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسێکی داعش ڕادەگەیەنن


هێزە ئاسایشییەکانی عێراق دەڵێن، بەرپرسی داعشیان دەستگیرکردووە کە کارئاسانی کردووە بۆ گواستنەوەی چەکدارانی گرووپەکەی لە نێوان عێراق و سوریا.

ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە کەرکوک بۆسەیەکیان بۆ بەرپرسێکی داعش ناوەتەوە و توانیویانە دەستگیری بکەن.


ڕاگەیاندنەکە باس لەوەش دەکات ئەم ئەندامەی داعش کە بەرپرس بووە لە پەڕینەوە و گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە نێوان عێراق و سوریا، بەپێی ماددەی 4 ی تێرۆر تۆمەتبارە. ئەگەربێت و تۆمەتەکە بەسەریدا ساغ بێتەوە، ئەوا شیانی هەیە سزاکەی بگاتە لەسێدارەدان.

ڕاگەیاندنەکە ئەوەشی وتووە، کە چەندین ناسنامەی ساختە بەو بەرپرسەی داعشەوە گیراوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ خۆحەشاردان و نەناسینەوەی لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانەوە.

لە ڕاگەیاندنێکی دیکەی بەشی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق ناسراو بە (خلية الاعلام الامنی)، هێزی ئاسایش لەگەڵ هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان لە گوندی (ترکلان)ی سەر بەپارێزگای کەرکوک ئەنجامداوە و 3 چەکداری داعشیان کوشتووە.

ڕاگەیەنراوەکە، ئەوەشی خستۆتەڕوو ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە بووە کە پێشوەختە بە هێزەکانیان گەیشتووە سەبارەت بە جموجۆڵی ئەو چەکدارانە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە،لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا سەربازێکی عێراقی کوژراوە، هەروەها ئەفسەرێکی ئەو هێزانەش برینداربووە.

لە مانگی شەشی ساڵی 2017 حکومەتی عێراق ڕزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە عێراق ڕاگەیاند، هەروەها لە مانگی سێی ئەمساڵ بەرپرسێکی سەربازی عێراقی ڕایگەیاند، تا ئێستاش داعش بە نزیکەی 500 چەکداری چالاکی لە عێراقدا هەیە.

سەرچاوە/ ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق

XS
SM
MD
LG