Accessibility links

هێرشێکی داعش لە کەرکوک کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە


نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، چەکدارانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سوپای عێراق لە پارێزگای کەرکوک و بەهۆیەوە دوو ئەفسەری سەربازی کوژران و سێ سەربازیش برینداربوون.

شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق دەڵێت، شەوی شەممە لە سەر یەکشەممە چەکدارانی سەر بە گروپە توندڕەوەکە بە چەکی سوک و مامناوەند خاڵێکی سەربازییان لە نزیک گوندی تەلوەرەد لە پارێزگای کەرکوک کردووەتە ئامانج، بەڵام وردەکاری زیاتریان نەخستەڕوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.

هەر پاش هێرشەکە داعش لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای عێراق لە ماوەی مانگی ڕابردوودا شانە نووستووەکانی داعشی لە نزیک سنوورەکانی وڵاتەکە سەرکوت کردووە. دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد و پێگەکانی گروپەکەی لە بیابانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و لە چیای حەمرین لە نزیک کەرکوک کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 27 چەکدار کوژران.

داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بنکەکانی سوپای عێراقی لە پارێزگای کەرکووک کردووەتە ئامانج. لە مانگی 11ی ساڵی 2022 ، چەکدارانی داعش چوار سەربازی عێراقیان لە قەزای دبیس لە پارێزگاکە کوشت، و چەک و کەلوپەلەکانیان برد.

ڕاکان سەعید جبوری پارێزگاری کەرکوک لەو کاتەدا بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند، هێرشەکە لە ناوچەیەک ڕوویداوە کە دابەشبووە لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە " هەماهەنگی کارەکانیان ناکەن و (داعش) سوود لەم کارە وەردەگرێت".

XS
SM
MD
LG