Accessibility links

کێشمەکێشی سیاسی، دۆخی عێراق بەرەو چەقبەستوویی دەبات


ڕێککەوتنی لایەنە عێراقیەکان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق خەریکە دەگاتە بنبەست، لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی 26 ی ئەم مانگەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکردووە، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە.

تا ئێستا ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان هیچ ڕێککەوتنێکیان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت ئەنجام نەداوە، لایەنە کوردیەکانیش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئەمەش عێراقی بۆ سەر دووبەرەی سیاسی ناکۆک دابەشکردووە.

هەرچەندە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و ڕێبەر ئەحمەدی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار گەڕاونەتەوە بەغدا و هەوڵی تەواوکردنی نیسابی یاسایی دەدەن، تا لە دانیشتنی ڕۆژی 26 ی ئەم مانگەدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، کە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتارە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی پێیانوانیە بتوانرێت نیساب تەواو بکرێت.

سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق و کادیری پێشکەوتووی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"چوار ساڵە لایەنە سیاسیەکانی عێراق گەیشتوونەتە بنبەست لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، قەیرانەکان بوونە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، تا وڵات لە دۆخی چەقبەستوویی دەربازی ببێت، بەڵام هەڵبژاردن نەک گرفتەکانی چارەسەر نەکرد، بەڵکو گرفتی گەورەتری هێنایە پێشەوە."

جەختیشیکردەوە"دابەشبوونی لایەنە عێراقیەکان بە جۆرێکە، گەیشتنە ڕێککەوتن بووەتە ئەستەم، بۆیە دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام دەبێت و قەیرانەکانیش قوڵتر دەبنەوە."

پارتی دیموکراتی کوردستان بەپاڵپشتی ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونەی هاوپەیمانی، پێداگیرە لەسەر بردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، یەکێتی نیشتیمانیش کە نزیکایەتی لەگەڵ هێزە شیعیەکانی تر هەیە، ئەو پۆستە بە پشکی خۆی دەزانێت.

شوان محەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، پێشبینی تەواوبوونی نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کرد، بەدەنگی ئەمەریکای گوت"ژمارەی پەرلەمانتارانی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە 180 پەرلەمانتارە، چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و هەندێک فراکسیۆنی تر کە کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، بەشداری دانیشتنەکە بکەن و نیساب تەواو بکەن."

بەڵام سالار مەحمود پێیوانیە لە ڕۆژی 26 ی مانگ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی ببێتەوە، گوتی"نە 26 ی ئەم مانگە و نە 26 مانگی داهاتووش، پرۆسەی هەڵبژاردنی دامەزراوە دەستوریەکان بەڕێوەناچێت، چونکە دابەشبوونی لایەنەکان چەقبەستنی دروستکردووە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی دادگای فیدراڵی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکات و چی دەرچەیەکی نوێ و چاوەڕواننەکراو دەهێنێتە پێشەوە."

هەرچەندە لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکاندا، باس لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام چاودێران ئەو ئەگەرە بەدوور دادەنێن، بەو پێیەی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە عێراق ئاسان نیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00

XS
SM
MD
LG