Accessibility links

ئەندرێ مۆسینۆ سانچز: ئاوارەکانی 5 وڵات لەسەدا 67 ی ژمارەی گشتی ئاوارەکانی جیهان پێکدەهێنن


ئەندرێ مۆسینۆ سانچز
ئەندرێ مۆسینۆ سانچز

ڕۆژی جیهانی پەنابەران، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە بۆ بەرزڕاگرتن و ڕێزگرتن لە پەنابەران لە جیهاندا.

ئەم ڕۆژە بۆ یەکەم جار لە 20 مانگی شەشی ساڵی 2011 دا، لە 50 هەمین ساڵیادی پەیماننامەی ساڵی 1951ی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەست بە پەنابەرانەوە دیاریکرا.

مەبەست لەم ڕۆژەش دانپێدانانە بە هێز و توانا و خۆڕاگری پەنابەران، ئەوانەی لە ململانێ و چەوساندنەوە و شەڕی وڵاتەکانیان هەڵاتوون بەهیوای دۆزینەوەی شوێنی ئارامتر و ژیانێکی باشتر، و هەروەها بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی پەنابەران، هەوڵ و کۆششیان، ماف و خەونەکانیان، و پێداویستییەکانیان.

"پێکەوە برینەکانمان ساڕێژدەبن، فێردەبین و دەدرەوشێینەوە" دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە، هەروەها داواش دەکرێت بەشداریکردنێکی زیاتری پەنابەران هەبێت لە چالاکییەکانی کۆمەڵگەدا.

بەپێیUNHCR لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، موزیک و وەرزش، پێکەوە چالاکی ئەنجامدان ، یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی متمانەی کەسانی لاواز و یارمەتی خەڵکی دەدات بۆ فێربوونی بەهرەی نوێ.

ئەندرێ مۆسینۆ سانچز، بەرپرسی زانیارییەکان و پەیوەندییە گشتییەکان لە نوسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە واشنتون دەڵێت هەڵبژاردنی ئەم دروشمە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە.

خانم سانچز دەڵێت "پێموایە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە کە لەسەرانسەری جیهاندا ڕوویانداوە، یەکەمیان ئەڵبەتە قەیرانی جیهانی کۆڤید 19 کە کاریگەری لە سەر وڵاتانی جیهان هەبووە بە بچوک و گەورەیانەوە. تا کۆتایی ساڵی 2020 دا 82.4 ملیۆن کەس ناچاربوون بەهۆی توندوتیژی و زوڵم و زۆردارییەوە لە جیهاندا دەربەدەرببن، ئەویش بەڕێژەی لە سەدا 4 زیادیکردوە بە بەراورد بە ژمارەی پێوانەیی پەنابەران لە ساڵی 2019 دا کە 75.5 ملیۆن بوو."

بەرپرسی زانیارییەکان و پەیوەندییە گشتییەکان لە نوسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە واشنتون دەڵێت "ئێمە هەروەها چەند فاکتەرێکی پۆزەتیڤمان لە جیهاندا لەبەرچاو گرتوە، کە یەکێکیان چاکبوونەوەیە لە پەتاکە و هەروەها وەرزش، بۆ بەرز نرخاندنیش، دووهەمین تیمی ئۆلۆمپیکی پەنابەران ،کە لەم ساڵدا ژمارەیان بۆ 29 وەرزشەوان زیادیکردووە ، و لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ئەم ساڵدا لە توکیۆ لە ژاپۆن بەشداردەبن، بەراورد بە 10وەرزشەوانی هەمان تیم، ئەوانەی لە یارییەکانی ئۆلۆمپیادی ساڵی 2016 دا بەشدارییان کردبوو.

خانم سانچز پێیوایە؛ دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی پەنابەران درککردنە بە سەغڵەتییەکانی جیهان لە ساڵی 2020 دا هەتا ئەمڕۆ پێیدا ڕەت دەبێت ، و هەروەهاش درککردنە بە شتە باشەکانی کە ئێمەی کۆکردەوە وەک دەرفەتێك تا زیاتر بدرەوشێنەوە. ئەو هەروەها دەڵێت جگە لەم پەیامە ئەم ڕۆژە گرنییەکی تایبەتی هەیە، وەک لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی پێکرد "گرنگە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ 82.4 ملیۆن کەسی بەناچاری لەسەرانسەری جیهاندا ئاوارەبوون. زۆر گرنگە کە لەبیرمان بێت ، ئێمە جگە لە نیشاندانی هاوسۆزی لەپشووی ئەم هەفتەیەدا، هەروەها دەبێت هەموو ڕۆژێک لەبیریان نەکەین ، چونکە ئەوانە کەسانێکی وەك من و تۆن، ناچاربوون بەهۆی شەڕ و زۆرداری و کارەسات و تراژیدیاوە لەپێناو ژیانی خۆیان هەڵبێن و ماڵ و خێزان و هاوڕی و کەسوکاریان بەدوای خۆیاندا بەجێبهێڵن. هەر بۆیە دەبێت زیاتر، وهەموو رۆژێك هاوسۆزی خۆمانیان بۆ نیشان بدەین."

بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR، لە ساڵی ڕابردووەوە وێڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ژمارەی ئەو خەڵکەی لە ترسی جەنگ و چەوساندنەوە لە وڵاتەکانیان هەڵدین، بەردەوام لە زیادبووندایە، و ململانێکان لە ژمارەیەك وڵات خەڵکیان ناچار بە ئاوارەبوون کردووە.

خانم سانچز دەڵێت لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی پەنابەریان هەیە، سوریا بە پلەی یەکەم دێت و 6.7 ملیۆن پەنابەری لە جیهاندا هەیە، ڤەنزوێلا بە پلەی دووهەم دێت و 4 ملیۆن پەنابەری هەیە، ئەفغانستان لە پلەی سێهەمدایە2.6ملیۆن پەنابەری هەیە، سودانی باشور لە پلەی چوارهەمدایە و2.2 ملیۆن کەس پەنابەرە، و لەپلەی پێنجدا میانمار کە 1.1 ملیۆن کەس ئاوارەبوون.

هەروەها بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین ئاوارەیان لەخۆگرتووە بریتین لە تورکیا3 ملیۆن و 700 هەزار ، کۆڵۆمبیا 1 ملیۆن و 700 هەزار ، پاکستان 1 ملیۆن و 400 هەزار ، ئۆگەندا 1 ملیۆن و 400 هەزار، و ئەڵمانیا 1 ملیۆن و 200 هەزار.

ئەندرێ مۆسینۆ سانچز، لە نوسینگەی ڕێکخراوی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە واشنتون دەشڵێت پەنابەران لەوەتای ساڵی 2020 وە ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی نۆی بوونەتەوە و دەڵێت "ئەڵبەتە کێشە و گرفتەکان جۆراوجۆرن ، بەتایبەتی سەبارەت ئەو پەنابەرانەی کە لە شەڕ هەڵاتبوون لەو دەمەی پەتای کۆڤید 19 دەستیپێکرد، زۆر لە سنووری وڵاتان بەڕوویاندا داخران و کوتوپڕ بەبەرستێکی نوێی بێپێشینەییان هاتە ڕێ لەو دەمەی هەوڵیان ئەدا پەنا ببەنە بەر شۆینێکی ئارام بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بۆ بونیاتنانی ژیانیان ، چونکە ئەو شەڕ و قەیرانانە سەڕەرای پەتاکە هەر لەئارادابوون. ئەڵبەتە ئەوە کێشەیەکی سەرەکی بوو، جگە لەوەش دۆسێی دەستڕاگەیشتنی پەنابەران بە خزمەتگوزاری تەندروستی لەکاتی ئەم پەتایەدا کە ڕەنگە لە وڵاتەکانی خۆیاندا هەیانبوبێت، هەر بۆیە ڕێکخراوی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵێکی زۆری داوەپەنابەران دەستیان ڕابگات بە نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری تەندروستی و ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەم ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام لە هەوڵ و کۆشش و خەمخۆریدایە تا ژمارەی تەواوی ڤاکسین بەردەست بێت بۆ هەموو پەنابەران و هەموویان بەتە ندروستی و پارێزراوی بمێننەوە.

ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR ، داوای لە سەرکردەکانی جیهان کردووە، هەوڵەکانی خۆیان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و هاوکاری زیاتر بکەن، بۆ ڕاگرتن و دەستکردن بە پێچەوانەکردنەوەی نزیکەی دە ساڵ لە ڕەوتی دووبارە بوونەوەی ئاوارە کە بەهۆی توندوتیژی و چەوسانەوەوە زیادیکردووە. بێگومان ئەمەش خۆزگە و خواستێکە، هەموو ئاوارەیەك ئاهی بۆ هەڵدەکێشێت.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ ئەندرێ مۆسینۆ سانچز، بەرپرسی زانیارییەکان و پەیوەندییە گشتییەکان لە نوسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە واشنتون؛ شایان پاشا ڕاپۆرتێکی ئامادەکردوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:51 0:00


XS
SM
MD
LG