Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا : تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان : دۆستە یا دوژمن؟


تورکیا لە هێڕشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی پێشتر بەبیانوی پەکەکە زوو زوو چیاکانی قەندیلی کردۆتە ئامانج، بەڵام لەم دوایانەدا تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو تاکتیکەکانی گۆڕی و ناو گوندەکان تۆپباران دەکات ، کە بەهۆییەوە دانیشتوانی سیڤیل بونەتە قوربانی و زەرەر و زیانێکی زۆریش بە ڕەز و باخ و بێستانی هاوڵاتیان کەوتووە، جگە لەوەی لە ترسانا زێد و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون.

تورکیا لەوەتای ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی بەناوی " چنگی هەڵۆ" و زەمینی بەناوی " چنگی پڵنگ' لە 15 ی مانگی شەشەوە دەستپێکردووە، لە زۆر شۆینی ستراتیژی لەناو هەرێمی کوردستان جێگیربووە. ئەمە جگە لەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا، بەدەیان بنکەی سەربازی لە سنووری دهۆك و زاخۆ داناوە. مەترسی ئەوەش لە ئارادایە، ئەگەر تورکیا لەم دەستدرێژیانەی بەردەوام ببێت، ئەوا دوورنێیە دەست بەسەر چەند شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان بگرێت!!

ئایا بۆ تورکیا تاکتیکی ئۆپەراسیۆنەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا گۆڕیوە؟ ئەم هێرشانەی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان تا کەی بەردەوام دەبێت و چ ئامانجێکی لە پشتە؟

ئەم پرسەمان تاوتێکرد لەگەڵ میوانی بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکان د. ڕێبوار فەتاح بەڕیوبەری دەزگای ڕاوێژکاری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە لەندەن.

دکتۆر ڕێبوار فەتاح
دکتۆر ڕێبوار فەتاح

د. ڕێبوار گوتی تورکیا ئێستا بڕبڕەی پشتی هەرێمی کوردستانی داگێرکردووە، وئامانجی تورکیا ئەوەیە ئەو هەرێمەی لەوێدا دروستبووە ،نەمێنێت، یا ئەوەندە لاوازبێت کە ببێتە نموونەیەکی خراپ بۆ هەموو کەسێك!!

کوردیش نەیتوانیوە قەوارەیەکی سیاسی دابمەزرێنێت کە ئاسایشی ئەو ناوچەیە خۆی بپارێزێت ،بۆیە هەموو لایەك دەست دەخاتە کاروبارییەوە. سیاسەتمەدارانی کورد شکستیان خوارد و نەیانتوانی ئەو ئامانجەی کورد هەیبوو بێهێننە دی.

هەروەها گوتی جگە لە تورکیا، عیراقیش هەنگاوی بنەڕەتی ناوە تا هەرێمی کوردستان نەمێنێت، بۆ نموونە نوسینگەی ناسنامەی لە حکومەتی هەرێم سەندۆتەوە، ڕەنگە کورد گرنگی ناسنامە نەزانێت، بەڵام ناسنامە زۆر گرنگە و هەر بۆیە ئیسرائیل کۆنتڕۆلی فەلەستینییەکان دەکات.

د. ڕێبوار فەتاح گوتیشی گەڕەلاوژییەکی تەواو هەبووە لە کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ، لە ئەمڕۆدا شتێك نییە بەناوی هەرێمی کوردستان!!، بەڵکو چەند ئیدارەیەك هەیە، ئەوەش وای کردووە تورکیا و وڵاتانی تر و عیراقیش بڵیین ئێمە ئەو فەوزایەمان قبوڵ نییە.

لە ڕێ ئەم لینکەوە خوارەوە دەتوانن گۆی لە تەواوی بەرنامەکە بگرن

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:34 0:00


XS
SM
MD
LG