"کچه‌کانمان بگه‌ڕێننه‌وه" ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یه ژماره‌یه‌ک چالاکوان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ستیان پێکردووه وه‌ک هه‌وڵ فشارێک بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و کچانه‌ی تێرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له ناوچه‌ی شنگال و ناوچه‌کانی تر ڕفاندویانن.
نیاز عه‌بدوڵا، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ده‌ڵێت یه‌کێک له ئامانجه‌کانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ئه‌وه‌یه تا فشار بخرێته سه‌ر په‌رله‌مانی هه‌رێم و ڕۆژانه له کۆبوونه‌وه‌کانیدا دۆسێی کچه‌کانمان و ئاواره‌کانیش تاووتوێ بکات و بیکات به ڕاسپارده بۆ حکومه‌ت و ناچاری بکات تا هه‌نگاوی پێویست بگرێته به‌ر بۆ ڕزگارکردنیان.
"کچه‌کانمان بگه‌ڕێننه‌وه...، ئه‌و کچانه‌ی رفێندراون خوشکی ئه‌ون، دایکی منداڵێکن، هاوسه‌ری که‌سێکن. ئه‌گه‌ر داعش به‌رده‌وام بوایه له پێشڕه‌وی کردن، ده‌کرا خوشکی تۆ بێت، یان هاوسه‌ره‌که‌ت، یان دایکت، یان من بوومایه. تکایه بابه‌رده‌وام بین له فشار دروستکردن له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێکی فراواندا، ئه‌م فشاره‌ش بۆ سه‌ر هه‌ر یه‌ک له حکومه‌تی عێراقی و حکومه‌تی هه‌رێم و وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی داعش و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بێت.
کچانی ئێزیدی و شه‌به‌ک و مه‌سیحی و شیعه که براون، به نزیکه‌ی1600 که‌س ده‌خه‌مڵێندرێن. وشه‌ی "گه‌ڕاندنه‌وه" له دوو ئاستدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، یه‌کێکیان ئه‌و ژنانه‌ی له رووداوه‌کانی ده‌ستدرێژی ده‌گه‌ڕێنه‌وه ده‌بێت حکومه‌ت به‌رپرسیارێتی چاره‌سه‌ری ده‌روونی و ته‌ندروستی ئه‌وان له ئه‌ستۆبگرێت و بیانپارێزێت له ده‌ستدرێژییه‌کی تری کۆمه‌ڵگا.
دووه‌م، ئه‌رکی ئه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیدارانه‌یه رێگای کرده‌یی بگرێته‌به‌ر بۆ رزگارکردنی ئه‌وانه‌ی له ژیاندا ماون.
هه‌موومان با به‌شداربین له هه‌ڵمه‌تێکی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئازادکردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی کچانی ئێزیدی و مه‌سیحی و شه‌به‌ک و شیعه."
له میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، نیاز عه‌بدوڵا ده‌شڵێت هێشتاش له ناوخۆی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا به چاوێکی که‌م له قوربانیه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته مرۆییه ده‌ڕوانێت و ده‌شڵێت پێویسته ئه‌م دۆسێیه به نێونه‌ته‌وه‌یی بکرێت و جه‌ختیش ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی پێویسته به‌زووترین کات چاره‌سه‌ری ده‌روونی قوربانیانی ئه‌م کاره‌ساته و ده‌شڵێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێشنیازی گونجاو خراوه‌ته به‌رده‌م به‌رپرسان.
زانیاری زیاتر له ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه: